کێشەی دامەزراندن نابڕێتەوە و رۆژانەش بەنزینی 750 دیناری وەردەگرن

ژووری هەواڵ

دامەزراندن کێشە گەورەکەی دنیایەک گەنجی ئەم وڵاتەیە کە هەر رۆژە و لەلایەکەوە گرددەبنەوە و ئەو داواکارییە دەکەن، ئەمڕۆ هەم لە کەرکوک هەم لە گەرمیان بژمێرەکان و پزیشکە گرێبەستەکان بە حەسرەتەوە داواکاری دامەزراندنیان گەیاند.

لە شاری سلێمانی شۆفێران هەموو رۆژێك دەتوانن بەنزینی 750 دیناری وەربگرن و لە 16 بەنزینخانە دابەش دەکرێت بەڵام نەوت و کانزانی پارێزگاکە گلەییان هەیەو دەڵێن بەشێک لە شۆفێران دەیفرۆشنەوە.

ماوەیە دۆخی کارەبا 24 کاتژمێری ناخوات و ناو بەناو دەبڕێت و کەمی کردووە بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا خەبەری خۆشی رایەگەیاند و وتی، دوای گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردەوە، دوای هەوڵەکانی هەردوو وەزارەتی کارەباو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز، پرۆسەی گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە چووە

هێشتا ناوچەیەکی تەواو کوردنشین هەیە، کارتی نیشتمانیەکەی سەر بە کەرکوکە، کارەباکەی سەر بە سلێمانییە و پەروەردەکەشی سەر بە هەولێرە، ئەم بێنە و بەردەیە ساڵانێکی زۆرە دووچاری دانیشتووانی کۆمەڵگای خاڵخاڵان هاتووە، دابەشبوونێک کە خواستی دانیشتووانەکەی لەسەر نییە، بینەر محەمەد دانیشتوویەکی ناوچەکەیە، دەڵێ، ئەگەر بمانەوێ لە کوردستان دابمەزرێین دەڵێن، نفوسەکەتان سەر بە کەرکوکە و ناتوانن، بڕوانامەشمان سەر بە هەرێمی کوردستانە و عێراق دانی پێدا نانێ، بە کوردییەکەی لە هەردوو جەژنەکە بوون.