بووەتە ترێند

بە بەرمیل و ماتۆڕێک قیتاری دروستکردووە؛ هارون بە هەزار دینار دڵی منداڵانی هەڵەبجە خۆش دەکات


ئەمەل ناجى- هەڵەبجە

کاتێک بە گەڕەکەکانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕیت، رەنگە قیتارێکی بچووکت بەرچاو بکەوێت کە پڕە لە منداڵی دڵخۆش. قیتارەکە نە لەسەر سکە دەڕوات و نە بزوێنەرێکی گەورەی هەیە، بەڵکو تەنیا چەند بەرمیلێکی رەنگاوڕەنگە و بەستراوەتەوە بە پشت ماتۆڕێکی چوار تایەوە.
ئەمە داهێنانەکەی هارون لوقمانە، گەنجێکی خەڵکی هەڵەبجەیە و ماوەی دوو مانگە بووەتە هۆکاری خەندەی سەر لێوی منداڵانی شارەکەی.

بیرۆکەکە لە کاتی سەیرکردنی ئینستاگرامەوە بۆ هارون هاتووە، کاتێک ڤیدیۆی پیاوێکی ئینگلیزی بینیوە کە بە هەمان شێوە قیتارێکی دروستکردووە. هەر لەوێدا بڕیار دەدات کۆپییەکی ئەو قیتارە بێنێتە کۆڵانەکانی هەڵەبجە و خۆی دەستی بە دروستکردنی کردووە.

هارون دەڵێت، هەر لە مانگی دووی ئەمساڵەوە دەستی بە کارەکانی کردووە، کاتێکی زۆری ویستووە تا تەواوی کردووە، بەڵام ماندووبوونەکەی بەرهەمی هەبووە. ئێستا ماوەی دوو مانگە رۆژانە بە گەڕەکەکاندا دەگەڕێت و قیتارەکەش زۆر بە دڵی منداڵانە، هەر منداڵێک تەنیا بە هەزار دینار بلیتێک دەبڕێت و هارونیش تاوێکی باش بەناو شاردا دەیانگێڕێت.

منداڵەکان قیتارەکەی هارونیان خۆشدەوێت. مەیلی دیار، کە یەکێکە لەو منداڵانەی سوارى قیتارەکە بووە بە 964ـى وت،”دەتخۆشى لەو کابرایە دەکەم، دڵى منداڵانى خۆشکردووە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح