تیمەکانی کارەبا تەواوی تۆڕی رووناکی قەزاکەیان چاک کردەوە

چوارتا رووناک کرایەوە

ژێوار خدر

لە هەڵمەتێکی فراواندا و دوای پشکنینێکی ورد بۆ تەواوی سیستمەکە، ئەمڕۆ هەینی 28.8.2026، تیمی چاکسازیی رووناکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، تەواوی شەقام و شوێنە گشتییەکانی قەزای چواتایان رووناک کردەوە و کێشە تەکنیکییەکانیان چارەسەر کرد.

بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، تیمەکانیان دوای سەردانکردن و پشکنین بۆ تەواوی تۆڕی روناککەرەوەی قەزای چوارتا، دەستیان بە هەڵمەتێکی چاکسازیی کردووە، لەو هەڵمەتەدا سەرجەم پێکهاتەکان و فۆتۆسێڵەکان خراونەتەوە گەڕ و بەو هۆیەوە جارێکی دیکە رووناکی بۆ شەقامەکان گەڕاوەتەوە.

سەبارەت بە وردەکارییە تەکنیکییەکان، تیمەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە 37 قاعیدەی جۆری شنایدەریان گۆڕیوە و پرۆسەی گۆڕینی کۆنداکتەر و نوێکردنەوەی کێبڵی فۆتۆیان ئەنجام داوە، هەروەها پێنج فۆتۆسێڵی نوێیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بێ گرفت کار بکات.