فەرمانگەی میدیا و زانیاری:

“سەرۆکی حکومەت شاندی هەرێمی بۆ هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق راسپارد”

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەزارەتی دارایی هەرێم و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی راسپارد بۆ کارکردن لەپێناو جێگیرکردنی خەرجییەکان و هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لە بوجەی 2027ـی عێراقدا.

فەرمانگەکە دەڵێت، بەپێی نوسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارەی 12649 و لە رێککەوتی 06.10.2026 جەخت لەوە کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدڕاڵییەوە بەشداری دەکات لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، کە خەرجییەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.

“پێویستە لە دانوستانەکانی بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2027دا کار بکرێت بۆ دابینکردنی موچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، لەوانەش پڕۆژەکان، راهێنان و پڕچەککردن بە پێوەری یەکسان وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵدا”، لە نووسراوکەدا وا هاتووە.

سەرۆکایەتی حکومەتی هەریم لە نوسراوەکە جەختی لەسەر هەماهەنگی تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا کردووەتەوە بە ئامانجی داکۆکیکردن لەو داواکارییە لە قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2027.