لەسەر سکاڵای سەربازەکەی سوپای عێراق

جوتیارە کوردەکەی کەرکوک بە یەک ملیۆن دینار سزا درا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لەسەر سکاڵای سەربازەکەی سوپای عێراق، دادگای کەرکوک سزای یەک ملیۆن دیناری بەسەر جوتیارە کوردەکەی سەرگەڕاندا سەپاند.

محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 23.8.2026 دادگای کەرکوک لەسەر سکاڵای کەڕاڕ شاکر، ئەو سەربازەی بە ملپێچکەم رایکێشام، سزای یەک ملیۆن دیناری بەسەردا سەپاندم”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا لەناو دادگایە و چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵای دووەممە کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لەدژی تۆمار کراوە.

رۆژی 17.2.2025 سوپای عێراق هێرشی كردەسەر ژمارەیەك جوتیاری كورد لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، كە دەیانویست زەوییەكانیان بكێڵن، دواتر گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان جوتیارە کوردەکان و سوپای عێراق دروستبووە و سەربازێک هێرشی کردەسەر محەمەد ئەمین و لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکی ملی رایکێشا، بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە لە سۆشیال میدیا کاردانەوە و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە.

دواتر نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان سکاڵای تۆمار کرد، بەڵام لەبری ئەوەی سەربازەکە بگیرێ، خۆی دەستگیر کرا و لە مانگی 3ـی 2025 بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری