ئەپڵیکەیشنێکی کوردیی ژیریی دەستکرد

ئەگەر پرسیارى یاسایت هەیە جودى دابەزێنە

964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی نوێی ژیریی دەستکردی خۆماڵییەوە، هاووڵاتییان و پسپۆڕانی یاسایی دەتوانن راوێژ و وەڵامی پرسیارە یاساییەکانیان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بەدەستبهێنن.
هەژان خالید، پارێزەر و دامەزرێنەری ئەپی “جودی” بە 964ی راگەیاند، ئەپڵیکەیشنەکە ژیرییەکی دەستکردی خۆماڵییە و وەک راوێژکارێکی یاسایی کاردەکات، لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا وەڵامی هەر پرسیار و کێشەیەکی یاسایی دەداتەوە و رێگەچارەی بۆ دادەنێت.
سەبارەت بە شێوازی بەکارهێنانی، هەژان خالید ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنەران دەتوانن بە دەنگ یان بە نووسین پرسیارەکانیان ئاڕاستەی ئەپەکە بکەن. دەشڵێت: “هەموو یاساکانی عێراق و کوردستانی تێدا تۆمار کراوە و بۆ پارێزەران، پەرلەمانتاران و سەرجەم چین و توێژەکانی هاووڵاتییان بەکەڵکە.”
ئەم پڕۆژەیە یەکێک بوو لە دەستپێشخەرییە سەرنجڕاکێشەکان کە لە پێشانگای تەکنەلۆژیای (هایتێکس – HITEX) لە هەولێر نمایش کرا. ئەمڕۆ هەینی کۆتا ڕۆژی پێشانگاکە بوو کە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ بەردەوام بوو، تێیدا بەرهەم و نوێکارییەکانی 150 کۆمپانیا و 30 بزنسی ناوخۆیی خرانە ڕوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح