ئەردۆغان وای نوسیوە؛

یاسای “بەهێزکردنی پشتیوانیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” چووە بواری جێبەجێکردنەوە

فەرهاد حەسەن

سەرۆک کۆماری تورکیا  دەڵێت “یاسای بەهێزکردنی پشتیوانیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان،ئەمەی لە تۆڕی X  ەکەی نوسیوە و ئاماژە بەوەشدەکات کە، یاساکە بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسندکراوە و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە بەشدارییان تێدا کردووە.

پڕۆژەیادساکە لە رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڵاوکراوەتەوەم کە ناوە فەرمییەکەی غەزەتەی رەسمییە و لە ژمارە 33344 یاسای ژمارە 7595ی 10ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە.

بەپێی یاساکە، چوارچێوەیەکی یاسایی داندراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی پەکەکە/کەجەکە دوای ئەوەی رێکخراوەکە بە فەرمی چەک دادەنێت و کۆتایی بە چالاکییەکانی دەهێنێت، ئەمەش تەنیا دوای ئەوە روودەدات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە و بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکاتەوە.

یاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە، دیارترینیان بریتین لە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لە دۆسیەی ئەو ئەندامانەی تاوانیان ئەنجامداوە (جگە لە کوشتنی بەئەنقەست و هەندێک تاوانی قورس) بۆ ماوەی پێنج تاوەکو 10 ساڵ دوادەخرێت، بەپێی قورسیی تاوانەکە.

جێبەجێکردنی سزای ئەو کەسانەی پێشتر حوکمدراون بۆ هەمان ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵ دوادەخرێت.

ئەگەر هەر کەسێک لە ماوەی دواخستنەکەدا تاوانێکی دیکەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، بڕیاری دواخستنەکە هەڵدەوەشێتەوە و پرۆسەی یاسایی یاخود سزاکەی دەستپێدەکاتەوە، ئەگەر هیچ تاوانێک نەکات، دۆسیەکەی دادەخرێت یان سزاکەی بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت.

دەستەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک کۆمار و بەشداریی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسانی ئەمنی، چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکات و راپۆرت بۆ پەرلەمان بەرز دەکاتەوە.

ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوودمەند بن، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، داواکاریی نووسراو پێشکەش بکەن.