لەناو دادگا چی روویدا؟
لاهور شێخ جەنگی: بڕیاری سزادانی من غەدرە لە سلێمانی و لە دادگا
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ لە دادگای دووی تاوانەکانی سلێمانی لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا و بڕیار لەسەر گیراوانی دیکەی لالەزار درا و تەنیا دووانیان ئازاد کران.
نوێنەری 964 بەشداری دادگاییەکەی کرد و وردودرشتی دانیشتنەکەی لای خۆی تۆمارکردووە بەمشێوەیە گێڕایەوە:
لە دادگاییەکە داواکاری گشتی لائیحەی بەڵگەکانی خستووەتەڕوو و باسی لەوەکردووە، کە لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین پلانی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیان داناوە و بۆ ئەم مەبەستەش چەند جارێک چاویان بە یەکدی کەوتووە و ئەژی ئەمین لە بەغداوە درۆن و چەکی بۆ لاهور کڕیوە.
لاهور شێخ جەنگی لەبەرامبەر قسەکانی داواکاری گشتی وتوویەتی: ئەم تۆمەتانە سەرجەمیان هەڵبەستراون، رووداوەکان بەوجۆرە نەبووە، بەڵکو ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی ناو یەکێتی ویستویانە ئەوان تیرۆر بکەن و دواتر هەر ئەوانیش تاوانەکەیان بە ملی مندا ناوە.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا دادگا سزای پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ لاهور شێخ جەنگی دەرکرد و پۆڵادی براشی بە سێ ساڵ و شەش مانگ سزا درا و رێبوار حامید حاجی غالیش بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا.
لاهور شێخ جەنگی لەدوای بڕیارەکە وتوویەتی: ئەم بڕیارە هی دەرەوەی دادگایە و ئێوە جێبەجێتان کردووە، ئەمە غەدرە لە سلێمانی و لە دادگا دەکرێت.