محەمەد ئەنوەر: تەنیا فیل و کەرکەدەنم مۆمیا نەکردووە
20 ساڵە خەریکی مۆمیاکردنە بەڵام بەڵێنی داوە دەست لە ئاژەڵ و باڵندەی راوکراو نەدات
کاردۆست حسێن ـ هەولێر
محەمەد ئەنوەر، گەنجێکی گوندی قۆریتانی سەر بە پارێزگای هەولێرە، زیاتر لە 20 ساڵە کاری مۆمیاکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان دەکات، بەڵام بەڵێنێکی بەخۆی داوە کە هەرگیز کار لەسەر ئەو ئاژەڵ و باڵندانە نەکات کە بەدەستی مرۆڤ راودەکرێن یاخود دەکوژرێن چونکە دەڵێت “بەر لەوەی دەست بەو کارە بکەم سروشت و ژینگەم خۆشویستووە”.
ئەو، کە بە محەمەد رەسام ناسراوە بە 964 ی وت، زیاتر ئاژەڵی کێوی مۆمیا دەکات لەوانەش تاوەکو ئێستا شێر، پڵنگ، جاگوار، شێری سپی لەو ئاأەڵانە بوونە کە کاری لەسەر کردووە، دەشڵێت “بەڵام زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی دەهێندرێتە لام مامزە کە خەڵکێکی زۆر حەز دەکەن بۆیان مۆمیا بکەم”.
دەشڵێت “ئەو ئاژەڵ و باڵندانە دەبێت بەخۆیان لە سروشت مردبن مۆمیایان دەکەم ئەگەرنا بە هیچ شێوازیک دەست لە ئاژەڵ و باڵندەیەک نادەم کە ڕاو کرابێت یان کوژرابێت یان جینۆسایدی سروشتی پێ کرابێت”
سەبارەت بە نرخی کارەکانیشی، باسی لەوە کرد کە کار هەیە چوار تا پێنج ڕۆژ پێیەوە سەرقاڵ دەبێت و نزیکەی 40 تاوەکو 50 دۆلاری لێ دەستدەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی کە کار هەیە ماندوو بوون و ماوەکەی زیاترە ئەوکاتە دەست حەقەکەی زیاتر دەبێت.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن