خۆپیشاندان لە قامیشلۆ دەستیپێکرد؛ دژى پەلاماردانى گەڕەکە کوردییەکانى حەسەکە
964+
وریا فەتاح
لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستا، خۆپیشاندانى جەماوەرى دەستیپێکرد ئەوەش وەک کاردانەوەیەک دژی پەلاماردانی گەڕەکە کوردییەکان و بێڕێزیکردن بە هێما رەمزییەکانی کورد لە ناوچەکەدا.
روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاوى کردەوە، خۆپیشاندانەکە لە دەوروبەری سووڕانەوەی (فلکەی) رۆژئاوا دەستیپێکردووە. بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی دروشمی جۆراوجۆر، هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکانیانى حەسەکە سەرکۆنە دەکەن و هۆشداریان داوە لەوەی رێگە نادەن رووداوەکانی ئازاری 2004 کە تێیدا پەلاماری گەڕەکە کوردییەکان درا، دووبارە ببنەوە.
هاوکات، ناڕەزایەتییەکان لە کاتێکدان کە ئاڵۆزی و گرژی لە حەسەکە پەرەی سەندووە، چالاکوانان و رێکخراوەکان داوا دەکەن رێگە لە وتاری رقوکینە و هاندانی نەتەوەیی بگیڕێت، تاوەکو رێگری بکرێت لە تێکچوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزتربوونی رەوشی ناوچەکە.