لەندەن

رۆمانێک بە تامى ساڵانى هەشتاکان ناسێندرا؛ داهاتەکەى بۆ نەخۆشانى شێرپەنجەیە

964+

بڵند عەلى- لەندەن

لە رێوڕەسمێکدا لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ئێوارە کۆڕێک بۆ ناساندن و گفتوگۆکردن لەسەر رۆمانی “هانا” لە نووسینی (دکتۆر ئازاد شەوکەت) بەڕێوەچوو، کە ئامانج لێی ئاشناکردنی نەوەی نوێیە بە مێژووی ساڵانی هەشتاکان.

ناوەرۆکی رۆمانەکە بیرخەرەوەی سەختی و رووداوەکانی دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردووە بۆ گەنجانی کورد. لەم بارەیەوە دکتۆر ئازاد شەوکەت، نووسەری رۆمانەکە بە 964ـى راگەیاند: “لەو رۆمانەدا بە گەنجان دەڵێم، ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەن، دەرەنجام و بەرهەمی قوربانیدانەکانی ساڵانی هەشتاکانە.”

خاڵێکی جیاواز و گرنگی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە نووسەرەکەی لایەنی مرۆیی لەبەرچاو گرتووە و بڕیاریداوە تەواوی داهاتی فرۆشی رۆمانەکە بۆ هاوکاریکردن و چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە خەرج بکرێت.

دوای ناساندنی لە تاراوگە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شاری سلێمانیش مەراسیمێکی تایبەت بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی رۆمانی “هانا” بەڕێوەبچێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح