پارێزگاری حەسەکە بۆ خۆپیشاندەران:

دان بەخۆتاندا بگرن و بە ژیرییەوە مامەڵە بکەن

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

نورەدین عیسا ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، داوا لە خۆپیشاندەرانی شارەکە دەکات بە ژیرییەوە مامەڵە بکەن و نەهێڵن کەس هەست و سۆزیان بقۆزێتەوە بۆ پەلکێشکردنی سوریا بەرەوپشێوی و توندوتیژی.

نورەدین ئەحمەد لەبارەی خۆپیشاندەرانی عەرەب کە دەیانەوێت بچنە ناو حەسەکە، بەتایبەتی گەڕەکە کوردییەکان، پەیامێکی لە هەژماری ئێکسی خۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت: دەربڕینی بیروڕا و داواکرنی مافەکان کارێکی رەوایە و بە یاسا چەسپیووە، ئێمەش بە رێزەوە گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرین، بەڵام دەبێت هەمووان سروشتی ئەم داواکارییانە بە ئاشتییانە بهیڵنەوە. هێرشکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و بەشداری لە رووبەڕووبونەوەکان خزمەت بە ئامانجەکەتان ناکات.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپێشانده‌رانی عه‌ره‌ب له‌ حه‌سه‌كه‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌ هاتنە ناو شارەکە و ئاڵای سوریایان بەرزکردەوە، هەندێكیان هێرشیان کردەسەر سه‌ر گه‌ڕه‌ک و ناوچه‌ كوردییه‌كان و پشێوییان دروست كرد.

لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانه‌ی ده‌ست 964 كه‌وتوون، خۆپێشانده‌ری عه‌ره‌ب هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر ناوچه‌ و گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌‌كان و هوتافی یه‌ک سوریا و یه‌ک ئاڵا و سوریای بێ جوداخواز دەڵێنەوە.

نورەدین ئەحمەد لە کۆتایی پەیامەکەیددا دەڵێت، “داواتان لێدەکەم بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و دان بەخۆتاندا بگرن، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان کوڕ و براتانن، ئەرکی ئەوان پارێزگاری کردنە لە ئێوە و دامەزراوە نیشتمانییەکانمان، با پێکەوە یەکگرتوو بین و نەهێڵین هیچ لایەنێک هەست و سۆزی ئێوە بقۆزێتەوە تاوەکو وڵات بەرەو پشێوی و توندوتیژی پەلکێش بکات.”