حەسەکە
روانگەى سوورى هۆشدارى دەدات: مەترسى هەیە
964+
وریا فەتاح
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و سەرهەڵدانی ئاژاوەیەکی نوێ لە شاری حەسەکە دەدات، ئەمەش دوای ئەوەی گرژییەکان پەرەیانسەند و خۆپیشاندەران هەوڵی بەئامانجگرتنی هێماکانی پێکەوەژیان و گەڕەکە کوردییەکانیان دا.
بەپێی زانیارییەکانی روانگەکە، لە ئێستادا شاری حەسەکە بە دۆخێکی ئەمنیی تونددا تێدەپەڕێت. خۆپیشاندەران لە جوڵەکانیان بەردەوامن و هەوڵیانداوە بەرەو ئەو گەڕەکانە پێشڕەوی بکەن کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان کوردن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێکردوون بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونی پێکدادان لە نێوان پێکهاتەکان و فراوانبوونی گرژییەکان بگرن.
لە نوێترین پێشهاتی مەیدانیشدا، لە گەڕەکی (تەل حەجەر)، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران پەلاماری دوو کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان داوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. لە رووداوێکی دیکەی مەترسیداردا، تابلۆی سەندیکای پارێزەران کە بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و سریانی) نووسراوە لێکراوەتەوە، ئەم رووداوەش لای چاودێران مەترسیی گواستنەوەی گرژییەکانی بۆ ئاستی بەئامانجگرتنی هێماکانی فرەنەتەوەیی و کلتووریی شارەکە دروستکردووە.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، دانیشتووانی حەسەکە داوا لە هێزە ئەمنییەکان و حکومەت دەکەن کە کۆنتڕۆڵی خۆپیشاندەران بکەن و رێگری لە دەستدرێژییەکان بکەن.
هاوڵاتیان ترسیان لە فراوانبوونی گرژییەکان و تێکچوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە هەیە، جەختیش دەکەنەوە کە مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە پاساو نییە بۆ پەلاماردانی خەڵک و موڵکی گشتی، یان راکێشانی گەڕەکەکان بۆ ناو شەڕ و پێکدادان.
روامگەى سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە “حەسەکە بەرگەی ئاژاوەیەکی نوێ ناگرێت” و پاراستنی هەمووان بەرپرسیارێتی دەوڵەتە. داواش دەکات یاسا بەسەر هەموواندا بێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت، لێپرسینەوە لە بکەرانی پشێوییەکان بکرێت بەپێی یاسا، هەروەها رێگری لە هەر کار و هاندانێک بکرێت کە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە حەسەکە.