سلێمانى
یارییەکی دۆمینە لە زیندانی بەعسدا؛ کورتەفیلمی “بردنەوەیەکی چاک” بەرهەمهێنرا
964+
وریا فەتاح
کورتەفیلمی “بردنەوەیەکی چاک” کە چیرۆکەکەی باس لە دۆخی سەختی زیندانییەک دەکات لە سەردەمی بەعسدا، کارەکانی بەرهەمهێنانی کۆتایی هات و بڕیارە بەشداری فێستیڤاڵە سینەماییەکان بکات.
کورتەفیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی (شاکار بابەکر)ـە. عەبدوڵڵا فەتاح، بەرهەمهێنەری فیلمەکە بە 964ـی راگەیاند: “چیرۆکەکە لە ژوورێکی ساردی زیندان و لە چاوەڕوانییەکی پڕ لە مەرگ و نیگەرانیدا دەستپێدەکات، لەوێدا یارییەکی سادەی دۆمینە لە نێوان دوو زیندانیدا دەبێتە مەیدانی پێکدادانی ترس و هیوا و تاقیکردنەوەی هێزی مرۆڤ بۆ مانەوە.”
ئەو بەرهەمهێنەرە وتیشی: “فیلمەکە ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە ئایا بردنەوەی راستەقینە لە دۆخێکی بێهیواییدا سەرکەوتنە لە یارییەکە، یان پاراستنی کەرامەت و هیوای مرۆڤە؟ بۆیە ئێستا ئامادەکاری دەکەین تا لە رێگەی فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە ئەم چیرۆکە بگەینینە بینەران.”
لەم کورتەفیلمەدا، هەریەکە لە ئەکتەران (گۆران نامی، کەمال محەمەد و چاوان قارەمان) لەگەڵ چەند ئەکتەرێکی دیکە رۆڵ دەگێڕن.