دیمەنێک لە هێزە ئەمنییەکانی راپەڕین – وێنە؛ پۆلیسی راپەڕین
پارە بەناوی خێرخوازی و هاوکاری وەردەگرن
پۆلیسی راپەڕین داوا لە خەڵک دەکات ئاگایان لە باندی ساختە بێت
ئەحمەد مستەفا
پۆلیس دەڵێت، لە دەڤەری راپەڕین باند پەیدا بوون داوای ناردنی باڵانس لە خەڵكی هەژار و خۆش باوەڕ دەکەن، ئەوەش بەناوی ئەوەی رێکخراوی خێرخوازییان هەیە، یان موچوەی بۆ دەبڕنەوە.
ئەم ئێوارەیە سێشەممە 15.9.2026 پۆلیسی راپەڕین ئاگاداری بڵاوکردووەتەوە و بەبێ ئاماژەدان بەوەی لەکوێی دەڤەرەکە ئەو حاڵەت روویداوە، دەیەوێت دانیشتووانی رانیە و دەوربەری و قەزا و ناحییەکان ئاگادار و هۆشیاربن.
پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەکردووە، ئەو باندانە پێشتر زانیاری لەبارەی کەسەکە وەردەگرن، پێیان دەڵێن موچەت بۆ دەبڕینەوە یاخود دەتنێرین بۆ دەرەوەی وڵات، یاخود ناو ماڵ و پێداویستیەکانت بۆ دەکڕین، لە بەرامبەردا 400 سەد هەزار دینار باڵانس وەردەگرن و ژمارەکەیان دادەخەن.
دەقی قسەکانی پۆلیس وەکخۆی:
بۆ هاوڵاتیانی سنوورەکەمان/ تکایە ئاگاداربن
ژمارەیەک باند پەیدا بوون بەناوی ڕێکخراوی خێرخوازی و هتد کە ئامانجیان بەدەستهێنانی پارەیە بە ژمارەی جۆراوجۆر پەیوەندی بەو هاوڵاتیانەوە دەکەن کە (نەخۆشیان هەیە / یان نەخۆشن / یان هاوسەرگیریان نەکردووە) پێیان دەڵێن مووچەت بۆ دەبڕینەوە یاخود دەتنێرین بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر یاخود ناو ماڵ و پێداویستیەکانت بۆ دەکڕین لەبەرامبەردا 400,000 چوار سەد هەزار دینار باڵانسمان بۆ بنێرە، دوای ئەوەی باڵانسەکەیان بۆ دەنێرن ژمارەکەیان دادەخەن.
ئەم باندانە پێشتر زانیاری کەسی وەردەگرن؛ بۆ نمونە گەنجێک بە ئامانج دەگرن کە خۆشباوەڕ و هەژار بێت دواتر ژمارەکەی و شوێنی دانیشتنی بەدەست دێنن و بەناوی ڕێکخراوی جۆراوجۆر پەیوەندی پێوە دەکەن. پاشان بە زمانێکی پاراو قسەی لەگەڵ دەکەن تا ئەو کاتەی بڕوای پێ دێنن باڵانسەکەیان بۆ بنێرن.
بۆیە ئاگاداریی هاوڵاتیانی بەڕێز دەکەینەوە نەکەونە ژێر باری ئەو کەسانە و بەهیچ شێوەیەک متمانەیان پێ نەکەن. وە ئەگەر هاتوو لە ژێر ئەم پاساوە پەیوەندیتان پێوە کرا نزیکترین بنکەی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین
ڕاگەیاندن و مەعنەوی