زیاتر لە هەشت کیلۆ و نزیکەی 150 هەزار حەبیان پێوەگیرا

شەش بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەستگیر کران

شۆڕش قادری

دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی دەستگیرکردنی شەش بازرگانی ماددەی هۆشبەری راگەیاند و دەڵێت، زیاتر لە هەشت کیلۆ و نیو ماددەی هۆشبەر و نزیکەی 150 هەزار دەنکە حەبیان پێوە گیراوە.

بەپێ راگەیەنراوێکی ئاسایشی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە سێ چالاکییدا، توانیویانە شەش بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیربکەن.

 چالاکییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بوون؛

چالاکی یەکەم: لە ڕۆژی 16.7.2026 لەدوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە توانرا، دەستبەسەر بڕی سێ کیلۆ و نیو ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانا بگیرێت و (کڕیار و فرۆشیار) دەستگیربکەن.

چالاکی دووەم: لە ڕۆژی 25.7.2026 لەدوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، توانرا دەستبگیرێت بەسەر بڕی پێنج کیلۆ و 300 گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاک کە بەنیازبوون ڕەوانەی وڵاتانی ئەوروپای بکەن.

چالاکی سێیەم: لەڕۆژی 1.8.2026 لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون توانرا، دەستبەسەر بڕی 149 هەزار و 490 دەنک حەبی هۆشبەر و بڕی  350 دەرزی هۆشبەر بگیرێت کەبەنیازی ناردنی بوون بۆ وڵاتێکی عەرەبی دراوسێ.

لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 25 لەیاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.