نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا

بە تۆمەتی سووتاندنی 35 دۆنم پوش و پاوانی قەرەداغ کەسێک گیرا

شۆڕش قادری

بە تۆمەتی سووتاندنی 35 دۆنم پوش و پاوان لە دارستانە دڵڕفێنەکەی قەرەداغ کەسێک گیرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، پاش ئەوەی زانیاری گەیشت لە بوونی ئاگرێک لە سنوری گوندی (سەرچاو) شاخی زەردە لە سنوری بنکەی سێوسێنانـی سەربە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ کە بووەهۆی سووتاندی نزیکەی 35 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی سروشتی، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی سێوسێنان چوونەتە شوێنەکە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ توانیویانە، بەهاوکاری پۆلیسی بەرگری شارستانی ناحیەی سێوسێنان و خۆبەخشان و ژینگەدۆستانی ناوچەکە، ئاگرەکە بکوژێننەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە بەتۆمەتی هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە و رێکاری یاسایی لەدژی گیراوەتەبەر.