تەلبەندکردنی ناوچەیەکی سنوری لە نێوان ئێران و عێراق وێنە: پاسەوانی سنوور
فەرماندەیی سنوور رونکردنەوەی هەیە
“پاسداران ئۆپراسیۆنیان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجام نەداوە”
ئەحمەد مستەفا
بۆ میدیای نیمچەفەرمی حکومەتی عێراق، سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی سنوور لە بەغدا، وەک خۆیان ناویان بردووە، “بە توندی” رەتی دەکەنەوە، سوپای پاسداران لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی لە دژی حیزبەکانی رۆژهەڵات ئۆپراسیۆنیان ئەنجامدابێ.
دەڵێن، هیچ بنەمایەکی راستیی نییە، ئەوە لەگەڵ ئەوەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران “حدکا” بانگەشەکەی بە “گاڵتەجاڕ” ناوبردووە.
پێشتر، موجتەبا جەعفەری، راوێژکاری فەرماندەیی ئەرتەشی ئێران لە رێوڕەسمێکدا لە تاران کە ئاژانسی تەسنیم گواستییەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزە تایبەتەکانی یەکەی 23ی ئەرتەش، 14 ئۆپەراسیۆنی زەمینییان لە نێو خاکی عێراقدا لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە.
وەک ئەو باسی کرد،، لە دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە ئۆپراسیۆنەکان، جەعفەری وتبووی، هێزەکانیان کەسایەتی و بەرپرسانی حیزبییان کردووەتە ئامانج و بەشێکیشیان لێ دەستگیر کردوون.
سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە بەغدا بوونی ئەو ئۆپراسیۆنانە رەتدەکاتەوە و وەک میدیایی نیمچەفەرمی حکومەت بڵاویکردووەتەوە، یەک سەربازی ئێرانیش نەهاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و ئەم لێدوانانە تەنیا “پڕوپاگەندەی میدیایین”.
هەروەک دەڵێ، تەواوی ئەوەی لەسەر سنوورەکان دەستنیشان کراوە تەنیا رووداوی دەستگیرکردنی دوو شوانی ناوچەی پشدەر بووە بە 150 سەر مەڕەوە، و هیچ بەڵگەیەک لەسەر هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی لەئارادا نییە.