دیمەنێک لە ڤیدیۆکلیپی "تەمەن"ی نەجمەدین غوڵامی
ناوی "تەمەن"ـە
نەجمەی غوڵامی تێکستێکی مازیار فایەقی کرد بە گۆرانی
ئەحمەد مستەفا
شاعیری لاو مازیار فایەق، تێکستێکی خۆی پێشکەشی هونەرمەندی دیاری کورد، نەجمەدین غوڵامی کرد و ئەویش کردی بە نوێترین بەرهەمی خۆی، کە بەرهەمەکە ناوی “تەمەن”ـە.
نەجمەدین غوڵامی ناسراو بە نەجمەی غوڵامی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندێکی دیار و ناسراوی کوردە، کە خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندە لە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی، ئەو لە 21ی ئازاری 1958 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.
لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، نەجمەدین غوڵامی بە دەنگە تایبەتەکەی و هەڵبژاردنی شاکارە شیعرەکانی شاعیرانی کورد ناسراوە. خاوەنی زیاتر لە 100 گۆرانی تۆمارکراوە.
ئێستا رایگەیاندووە، گۆرانی “تەمەن”، لەسەر هۆنراوەیەکی جوانی مازیار فایەق بەرهەم هێناوە، هەرخۆی ئاوازەکەی بۆ داناوە، هەروەها ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکە لەلایەن زامیار نامۆ ئەنجامدراوە.
ئەو دەڵێ، هەوڵم داوە بەرهەمێک پێشکەش بکەم، پەیام و هەستێکی قووڵی مرۆیی بگەیەنم، ناوەڕۆکی تەمەن لەسەر ئەو راستییە بنیات نراوە کە هەموو مرۆڤێک، بێ جیاوازی، لە قۆناخەکانی تەمەندا تێدەپەڕێت و دەگاتە قۆناخی پیری.
وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، هەوڵی داوە تێکست و ئاواز و ڤیدیۆکلیپەکە بە شێوەیەک بێت کە هەر گوێگر و بینەرێک بتوانێت خۆی لە ناو ئەو چیرۆکەدا ببینێتەوە و هەست بکات ئەم بەرهەمە باس لە ژیانی خۆی دەکات.