ساغكردنەوە

لەسلێمانی هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدانی منداڵان بەسكچوون و رشانەوە تۆمار نەكراوە

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

دواى ئەوەى وابڵاوکرایەوە کە لە سنوورى سلێمانى منداڵێک بەهۆى سکچوون و رشانەوە گیانى لەدەستداوە، 964 بەدواداچوونى وردى بۆ بابەتەکە کردووە و دەرکەوتووە هۆکارى گیانلەدەستدانى منداڵەکە نەخۆشى زکماکى بووە.

منداڵەکە

دوو رۆژە 964 سۆراغى ئەو هەواڵە دەکات و لەسەر ئەو بابەتە، دکتۆر كۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمالی منداڵان بە 964964ـى وت،” ئەو دەنگۆیانەی كە وابڵاوكرایەوە منداڵێك لە نەخۆشخانەكەمانن بە سكچوون و رشانەوە گیانی لەدەستدابێت راست نین، بەڵكو ئەوەی لەتۆماری نەخۆشخانەكە هەیە، لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوو منداڵێكی داوون لە نەخۆشخانەی منداڵان گیانی لەدەستداوە بە هۆكاری نەخۆشی زكماكی دڵەوە، كە نەخۆشییەكەی ئاڵۆز بووە و تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش چارەسەری قورس و ئەستەم بووە”.

روونیشیكردەوە، راستە ئەو منداڵە دووجار حاڵەتی سكچوونی هەبووە، بەڵام كێشەی سەرەكی و هۆكاری گیان لەدەستدانەكەی پەیوەندی بە نەخۆشییە درێژخایەنییەكەی منداڵەكە خۆیەوە بووە و كاتێكیش گەیشتووەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ئەوەشی خستەڕوو، لەم كاتەدا رۆژانە نزیكەی 800 منداڵ بۆ حاڵەتە جۆراوجۆرەكان سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن، لەو رێژەیەش 35 منداڵ پێویستیان بە مانەوە و داخڵ بوون لە نەخۆشخانە هەیە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح