کۆنگرەی شانەی ئەمنی عێراق
لە چلەی ئیمام حسێن
34 عێراقی و 12 بیانی گیانیان لەدەستداوە
ئەحمەد مستەفا
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، سەرەڕای راگەیاندنی پلانە ئەمنییەکانیان بۆ رێورەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن، دەڵی، بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە، 34 عێراقی و 12 بیانی گیانیان لەدەستداوە.
گیان لەدەستدانی ئەو کەسانە، بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لە کاتی زیارەتەکانیاندا تۆمار کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.8.2026، شانەی ئەمنی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ پلانەکانی بەڕێوەچوونی چلەی ئیمام حسێن ئەنجامدا و لەوێ سەعد مەعن وتەبێژی شانەکە باسی لەوەکرد، زیاتر لە 226 هەزار ئەفسەر و کارمەند بەشدارییان لە پلانی ئەمنی زیارەتی ئەربەعین کردووە.
چلەی ئیمام حسێن (زیارەتی ئەربعین) یەکێکە لە گەورەترین ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە لە جیهاندا، کە تیایدا یادی تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ بەسەر شەهیدبوونی ئیمام حوسێن و یاوەرانی لە جەنگی کەربەلادا دەکرێتەوە.
ئەم یادە ساڵانە لە 20ی مانگی سەفەری کۆچی بەڕێوەدەچێت و ملیۆنان زیارەتکار لە سەرتاسەری جیهانەوە روو لە شاری کەربەلا دەکەن.