ژمارەیەکیان ناویان بۆ گەڕانەوە دەرچووە
ماڵ و حاڵیان نەماوە؛ ئاوەرەکانى سەرێکانى حەزناکەن بگەڕێنەوە
گەرناس مەعۆ- حەسەکە
ئاوارەکانی شاری سەرێکانی کە ئێستا لە کەمپی “تەڵائیع” کە بە کەمپى “سەرێکانى” ناسراوە لە پارێزگای حەسەکە نیشتەجێن، لە بڕیارێکی لەناکاوی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان نیگەرانن. ئەوان دەڵێن بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکان، وێرانبوونی ماڵەکانیان و جێگیربوونی عەرەبە هاوردەکان، ئامادە نین بەبێ مەرج و گرەنتی بگەڕێنەوە.
عیزەدین، یەکێک لەو هاوڵاتییە ئاوارانەی لە کەمپەکەدا دەژی، باس لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی گەڕانەوەیان دەکات و بە 964ـى وت: “تووشی شۆک بووین کاتێک پێیان وتین ناوەکانتان لەناو ئەو کەسانەدایە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەرێکانی، بێ ئەوەی پێشتر ئاگادار کرابینەوە یان پرس و رامان پێبکرێت.”
ئەو ئاوارەیە سەرسوڕمانی خۆی لەو هەنگاوە دەردەبڕێت و بە 964ـی وت: “ماڵەکانمان وێران بوون، ئێمە نازانین لەسەر چ بنەمایەک داوامان لێدەکەن بڕۆینەوە”.
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ژیانیان لە کاتی گەڕانەوەدا، عیزەدین ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ جۆرە گرەنتییەک بۆ سەلامەتییان نییە، وەک دەڵێت: ئێمەی کورد تەنیا سێ ماڵین لەو گوندەی پێشتر لێی دەژیاین، بۆیە بەبێ بوونی گرەنتییەکی راستەقینە و دڵنیایی، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین بگەڕێینەوە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ 964، ئەو هاوڵاتییە مەرجی سەرەکی خۆیان بۆ گەڕانەوە روونکردەوە و وتی: “دەمانەوێت لایەنێکی ئەمنی لە کاتی چوونەوەماندا لەگەڵمان بێت و سەرپەرشتی گەڕانەوەکەمان بکات، چونکە ئێمە بە هیچ شێوەیەک متمانەمان بەو ئاسایشە گشتییە نییە کە ئێستا لەوێ بوونی هەیە و شارەکەیان بەدەستەوەیە.”
لە دوای دەستبەسەرداگرتنى شاری سەرێکانی لە ساڵی 2019، هەزاران هاوڵاتی رەسەنی ناوچەکە ئاوارە بوون کە بەشێکیان لە کەمپەکانی حەسەکەدان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح