3000 داربەڕووی سەوز و جوان بوون بەخەڵووز

داربەڕووەکان لە شوێنێک دەبڕدرێنەوە و لە شوێنێکی دیکە دەسووتێن

شۆڕش قادری

ئەمساڵ بەهۆی پووش و پڵاشی زۆرەوە رووداوی ئاگرکەتنەوە زۆرە و هەر ئەمڕۆ لە ناحیەی سنگاو 3000 داربەڕوو سووتان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی چەند وێنەیەکی ساتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی داناوە و نووسیویەتی، بەهۆکارێکی نادیار ئاگرێک لە سنوری گوندی گۆمەزەرد کەوتووتەوە و دواتر بەرەو سنووری سەنگاو پەرەی سەندووە.

مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەنگاو چوونەتە شوێنەکە و دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە بەڵام زیانی زۆری هەبووە و بەهۆیەوە 100 دۆنم پوش و پەڵاش و 3000 داربەڕووی جوان سووتاون.

ئەوە کە بڵێین رووداوی نەخوازراوە و تاڕادەیەک لەدەست کەسدا نییە، خۆ رەنگە کەمتەرخەمی کرابێ، بەڵام ئەوەتا بە دەستی ئەنقەست لە مێرگەپان، کۆمەڵێک داربەڕووی سەوز و جوان بڕدراونەتەوە و پارچە پارچە کراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، دوای وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری، مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان بە فەرمانی سەرووی خۆیانەوە، چوونەتە ناو باخێک و  بینیویانە کە پارچە زەویەک بە شۆفڵ تەختکراوە و پڕکراوەتەوە، هەر لەوێش چەند داربەڕوویەک هەڵکەندراون و پارچە پارچە کراون.

تەمەنی دارەکان 20 بۆ 30 ساڵ مەزندە دەکرێن، دەست بەسەر هەموو دارە بڕدراوەکاندا گیراوە و خاوەنی باخەکەش دەستگیر کراوە.

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.

داربەڕووەکان لە شوێنێک دەبڕدرێنەوە و لە شوێنێکی دیکە دەسووتێن