قەیرانى بەنزین هەیە
وەزارەتی نەوتی عێراق دەنگۆی هەناردەکردنی بەنزین رەتدەکاتەوە
وریا فەتاح
لە کاتێکدا عێراق بە قەیرانى بەنزیندا تێدەپەڕێت و چەند رۆژێکە لە پارێزگاکانى نەبوونى بەنزین سەریهەڵداوە، بەڵام دەنگۆیەک هەیە کە عێراق بەنزین هەناردە دەکات، وەزارەتی نەوتیش رەتى دەکاتەوە و دەڵێت ئەمانە دەنگۆى دوورن لە راستى.
سەلیم رێکابی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند: “ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن بڵاوکراونەتەوە، گوایە وەزارەتەکەمان بەرهەمی بەنزین هەناردە دەکات کاتێک یەکەی (FCC) لە پاڵاوگەکان دەخرێتە کار.”
روونیشیکردەوە، بە خستنەگەڕی ئەو یەکەیە، عێراق تەنیا دەگاتە قۆناغی “خۆبژێوی” لە بەرهەمە نەوتییەکاندا، بەڵام دوای تەواوبوونی کارەکانی فراوانکردنی پاڵاوگەکانی دیکە، ئەوکات دەکرێت عێراق ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکان.
وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، پلان و ئامانجی وەزارەتەکەیان ئەوەیە عێراق لە وڵاتێکی هاوردەکارەوە بکەن بە وڵاتێکی هەناردەکار. ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئێستادا عێراق هەردوو بەرهەمی زەیتی سووتەمەنی (نەوتی رەش) و نەفتا هەناردە دەکات، و پێشتریش بڕێک لە سووتەمەنی فڕۆکە و گۆگردی هەناردەی دەرەوە کردووە.