9 کەسیان چانسى بەهێزى چوونە پەرلەمانیان هەیە

لە هەڵبژاردنەکانى سووید زیاتر لە 200 کاندیدى کورد کێبڕکێ دەکەن

وریا فەتاح

بڕیارە ڕۆژی 13ی ئەیلولی 2026، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید بەڕێوەبچێت، لەم هەڵبژاردنەدا کورد سەنگێکی گەورەی هەیە و ژمارەیەکی پێوانەیی لە کاندیدە کوردەکان کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکان دەکەن، چانسى 9 کاندیدى کوردیش زۆر بەهێزە بۆ بردنەوەى کورسى پەرلەمانیى.

رۆژی هەڵبژاردنەکە لە کاتژمێر (08:00)ی بەیانی تا (08:00)ی شەو سندوقەکانی دەنگدان کراوە دەبن، تاوەکو هاوڵاتیانی سوید نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمانی سوید (Riksdag)، ئەنجومەنی هەرێمەکان (Regioner) و ئەنجومەنی شارەوانییەکان (Kommuner) هەڵبژێرن.

هێزی کورد لەم هەڵبژاردنەدا

بەپێی ئامار و زانیارییەکانی “پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن – KIE”، دەردەکەوێت کە زیاتر لە 200 کاندیدی کورد لەسەر ئاستی جیاواز کێبڕکێ دەکەن. لەم ژمارە گەورەیە، 34 کاندیدیان متمانەی تەواویان لەلایەن سەرکردایەتی پارتە سەرەکییەکانەوە پێدراوە و سەرۆکی لیستن یان لە ریزبەندییەکانی پێشەوەن، لە ناویشیاندا 9 کاندید دەرفەتی زۆر بەهێزیان هەیە کورسی پەرلەمانی سوید مسۆگەر بکەن.

ئەو 34 کاندیدە سەرەکییە، بەم شێوەیە بەسەر سێ هەڵبژاردنەکەدا دابەشبوون:

9 کاندید کێبڕکێ بۆ پەرلەمانی سوید دەکەن.
13 کاندید بۆ ئەنجومەنی هەرێمەکانن.
14 کاندید بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەکانن.
جگە لەوە 2 لە کاندیدەکان لە یەک کاتدا بۆ پەرلەکان و شارەوانیش خۆیان کانداد کردووە.

ئامارەکان دەریدەخەن کە کاندیدە کوردەکان لە زۆربەی پارتە چالاکەکاندا هەن، بەڵام قورساییان زیاتر لەناو پارتەکانی چەپ (V) و سۆسیال دیموکرات (S) دایە. دیارترین ئەو ناوانەی کێبڕکێ دەکەن بریتین لە:

لاوین رێدار: یەکێکە لە ژنە پەرلەمانتارە هەرە چالاک و ناسراوەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات لە بازنەی هەڵبژاردنی ستۆکهۆڵم.
قادر کەسیرگە: پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکرات و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد.
رەنجدەر فالیح: کاندیدێکی گەنجی خەڵکی کەرکووکە و کێبڕکێ بۆ ئەنجومەنی هەرێمی ستۆکهۆڵم دەکات.
شلێر برادۆستین: کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتە بۆ کۆمۆنی مالمۆ.
وەک ئەوەى پەیمانگاکە خستوویەتییەڕوو، کورد پێشینەیەکی باشی لە پەرلەمانی سویددا هەیە، لە هەردوو خولی رابردووی ساڵانی (2018) و (2022)، لە کۆی (349) کورسی پەرلەمان، 6 کاندیدی کورد توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و ببنە ئەندامی پەرلەمان.

لە پێناو تیشکخستنە سەر ئەم پرۆسە گرنگە، “پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن – KIE” بە هاوبەشی لەگەڵ “ڕێکخراوی ستێپ بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردن”، راپۆرتێکی تێروتەسەلی 30 لاپەڕەییان ئامادە کردووە کە زۆربەی لایەنەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید شیدەکاتەوە، و بڕیارە بەم نزیکانە بە زمانی عەرەبی بڵاوبکرێتەوە.