بەڵێندەرێک رێگاکەی داخستووە
شەش ئەندامی خێزانێک لە رووداوێکی هاتوچۆدا برینداربوون
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
کەمێک پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا لەسەر رێگای نێوان کەرکوک و ناحیەی ریاز تووشی رووداوێکی هاتوچۆی سەخت دەبێت و بەهۆیەوە شەش ئەندامی خێزانێک بریندار دەبن.
بورهان نەجم ئامۆزای شۆفێرەکە بە964ـی وت، ئامۆزاکەم ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدای پێبووە و یستویەتی لە کەرکوکەوە بگەڕێتەوە بۆ ریاز بەهۆی داخستنی شەقاماکە و تاریکی و نەبوونی هیچ هێمایەک تووشی ئەو رووداوە بووە، سەرجەم سەرنشینەکان کە ژمارەیان شەش کەسە برینداربوون، برینی کوڕ و دایکێک سەختە لە ژێر چاودێری چڕدان.
بەیانی ئەمڕۆ بەڵێندەرێک لە کەرکوک بەهۆی وەرنەگرتنی شایستەداراییەکانی، ئەو رێگایە دادەخات کە خۆی دروست کردووە.
رێگاکە دوو سایدە و درێژییەکەی 27 کیلۆمەترە و کەرکوک بە ریاز و بێجییەوە دەبەستێتەوە.
پڕۆژەکە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان ، چوار ملیار و 600 ملیۆن دیناری بۆ دیاری کراوە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار بە 964ـی راگەیاند، رێگاکە دوو مانگە تەواو بووە و لە 10.06.2026 ئیدارەی کەرکوکمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بێن بە فەرمی پڕۆژەکەمان لێوەرگرن، بەڵام ئەوە دوو مانگە نەهاتوون بەدەم داواکەمانەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح