پڕۆژە یاساى نەوت و غاز
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پەسەندکردنی 44 پڕۆژەیاسا دەکات
وریا فەتاح
سەرۆک وەزیرانى عێراق، چاوى لەو 44 پڕۆژەیاسایەیە کە لە پەرلەمانە و دەیەوێت پەسەند بکرێن، هەر بۆیە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی خواستى خۆى بۆ پەسەندکردنى ئەو پڕۆژە یاسایانە پیشانداوە، بەتایبەت پڕۆژە یاساى نەوت و غاز.
بەپێى راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ عەلی زەیدی پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان – الإعمار والتنمية) بە سەرۆکایەتیی بەها ئەعرەجی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە رەوشی گشتیی وڵات، هەنگاوەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی، پرسی خزمەتگوزارییەکان، و پارەدارکردنی پڕۆژەکانی وەک نەخۆشخانەکان و دەروازە سنوورییەکان کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، زەیدى خواستى خۆى بۆ فراکسیۆنەکە روونکردووەتەوە کە 44 پڕۆژەیاسا هەن کە زۆر گرنگە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێن، لە دیارترینیشیان پڕۆژەیاساکانی (دەستەی دەرمان و خۆراک، حەشدی شەعبی، و دەستەی چاودێریی ناوخۆیی و یاساى نەوت و غاز)ن.
بەپێى راگەیەتدراوەکە، زەیدى جەختی لەوەش کردەوە کە ئاوەدانکردنەوەی وڵات لە رێگەی دەرکردنی ئەو یاسایانەوە دەبێت کە پاڵپشتی لە گەشەپێدان دەکەن، بەتایبەتی گرنگیی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی عێراق بەپێی دیدگایەکی گەشەپێدان، کە تیایدا دەوڵەت تەواوی ژێرخانی پڕۆژەکان دابین دەکات.