ژماردنی دراوی دۆلاری ئەمریکی _ وێنە: 964
هەواڵەکان راست نین
بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلاری رەتکردەوە
وریا فەتاح
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە بەرزکردنەوەی نرخی بەهای دۆلار دەکەن بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
بانکەکە رایگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی پلان یان ئاراستەیەک دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە. جەختیشی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئێستا “هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە دەرنەکراوە.”
بانکەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو نرخە فەرمییەدا نەهاتووە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پەسەند کراوە.
لە کۆتاییشدا، بانکی ناوەندی داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە وردبین بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەتی نەختینەیی و نرخی دراوەوە هەیە.