قەرەباڵغى کەم دەکاتەوە

هاتوچۆی سلێمانی شەفتی ئێوارانی بۆ مامەڵەی مۆڵەت کردەوە

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاریدا بە شێوەیەکی ئەزموونی، دەوام لە شەفتی ئێوارانیشدا بکات بۆ راییکردنی مامەڵەی مۆڵەتی شۆفێری، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو لۆد و قەرەباڵغییەی ماوەیەکە لەسەر بەشی مۆڵەت دروست بووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، وەرگرتنی کۆدی نۆرەگرتن وەک پێشتر لە رۆژانی شەممە کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە دەبێت، بەڵام لەمەودوا هاوڵاتییان خۆیان سەرپشکن لەوەی کاتی بەیانیان یان ئێواران بۆ سەردانیکردنی بەشی مۆڵەت هەڵبژێرن.

هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک دەستپێکی پڕۆسەکە و تەنیا بۆ ئەم هەفتەیە، دەوامی ئێواران بۆ ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە (7/9/2026 و 8/9/2026) بەردەست دەبێت. هەر هاوڵاتییەکیش ئەو دوو رۆژە بۆ شەفتی ئێواران هەڵبژێرێت، پێویستە کاتژمێر 1:30ـی پاشنیوەڕۆ لە بەشی مۆڵەتی هاتوچۆی سلێمانی ئامادە بێت.

لەلایەکی دیکەوە هاتوچۆی سلێمانی هاوڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، کە دەوامی شەفتی بەیانیان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و وەک پێشتر لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و مامەڵەی هاوڵاتییان رایی دەکرێت.