زیاتر لە 841 ملیار دینار لە موچەی مانگی 6ـی موچەخۆران خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم - وێنە؛ ئەرشیف
"ئەم مانگەش بەغدا بەکەمەوە ناردی"
زیاتر لە 841 ملیار دینار لە موچەی مانگی 6 گەیشت
شۆڕش قادری
زیاتر لە 841 ملیار دینار لە موچەی مانگی 6ـی فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستان گەیشت و خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، هاوشێوەی مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی حوزەیران نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وزارەتی دارایی دەشڵێت، دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، راستەوخۆ لیستی موچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیران دەکرێت.