کەلار

باوکی شۆفێری رووداوەکەی کەسنەزان بۆ 964: خۆزگە کوڕەکەی خۆم بمردایە نەک ئەو پیاوە

964+
میلاد جەلال- گەرمیان

لە دوای رووداوە سەختەکەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆی ناحیەی کەسنەزانی شاری هەولێر، باوکی ئەو شۆفێرەی بارهەڵگرەکە کە تووشی رووداوەکە ببوو، لە رێگەی تۆڕی 964وە کەسەر و هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ خێزانی ئەوکەسە دەربڕی کە لە رووداوەکەدا گیانى لەدەستداوە.
لە رووداوەکەدا بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە هەشت ئۆتۆمبێلدا کێشا، کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
ساڵح کەریم، باوکی هەڵکەوتی شۆفێری بارهەڵگرەکە کە دانیشتووی کەلارە، بە 964ی راگەیاند: “سەرەتا رووداوەکەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەمزانی کوڕەکەی خۆمە و تووشی ئەو کارەساتە بووە”.

” خۆزگە کوڕەکەی خۆم بمردایە بەس ئەو پیاوە نەمردایە”، باوکى شۆفێرەکە واى وت.

باوکی هەڵکەوت ئاماژەی بەوەش کرد، کوڕەکەی باوکی منداڵێکی چوار مانگانەیە، مۆڵەتی فەرمی لێخوڕینی هەیە و کەسێکی شارەزایە لە کارەکەی خۆیدا، بە جۆرێک پێشتر بە ئۆتۆمبێلەکەی تەواوی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بڕیوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح