"لە هەولێر دەستگیرکراون"
لە بازگەی هەولێر – کەرکوک؛ دەستەی دەستپاکی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی پەرلەمانتار و بەرپرسە هەڵاتووەکانە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
تیمەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق بە پاڵپشتی هێزێکی سەربازی، لە ئێستادا لە بازگەی نێوان هەولێر و کەرکوک جێگیر بوون، بۆ ئەوەی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری داواکراو لە ئاسایشی هەولێر وەربگرنەوە کە پێشتر هەڵاتبوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی تایبەت بە 964ـی راگەیاند، هێزەکە پێکهاتووە لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی کەرکوک، دوو لیژنەی دەستەی دەستپاکی بەغدا، لەگەڵ هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرا، لە ئێستادا لە خاڵی پشکنینی هاوبەش وەستاون و چاوەڕێی هێنانی دەستگیرکراوەکان دەکەن لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە.
بەپێی زانیارییەکانى سەرچاوەکەی 964، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە نێوان 3 بۆ 8 کەس بێت، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی 3 کەسیان بە تەواوی پشتڕاست کراوەتەوە کە پێکهاتوون لە:
زیاد تارق جەنابی: سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق.
محەمەد جەمیل مەیاحی: پارێزگاری پێشووی واست و پەرلەمانتاری ئێستای عێراق.
عەلا موحسین جومەیلی: بەڕێوەبەری نووسینگەی عەدنان جومەیلی (کە پێشتر بەڕێوەبەری پاڵاوگەی بێجی بوو و دواتر کرا بە بەرپرسی کۆگاکانی پاڵاوگەکە).
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، عەلا موحسین بە “داهێنەر و رێبەر”ـی کارەکانی عەدنان جومەیلی دادەنرێت، کە راستەوخۆ دوای دەستگیرکردنی عەدنان، ناوبراو بەرەو هەولێر هەڵاتبوو.
سەرچاوە ئەمنییەکە بۆ 964ـی روونکردەوە، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئاسایشی هەولێر داواکراوەکانی رادەستی هێزەکەی بەغدا نەکردووە، بەڵام وتی: “هەرکاتێک رادەستمان بکرێن، دەستبەجێ دەدرێنە دەست ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و لەوێشەوە راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ بەغدا.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح