دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم؛
“بە تابلۆ و کاری دەستی هونەرمەندان شوێنە گەشتیارییەکان بڕازێننەوە”
فەرهاد حەسەن
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، پێویستە مۆرکی کوردستانی لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکاندا رەنگبداتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش داواکارە کە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم بە تابلۆ و کاری دەستی هونەرمەندانی کورد بڕازێندرێنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەکە، ئەمڕۆ ژوان سابیر سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک کردووە و ئەو داواکارییەی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کردووە.
بوونی رێبەری گەشتیاری لە پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان بە گرنگ زاندراوە، وەکو فاکتەرێکی سەرەکی بۆ رێکخستنەوەی گەشتی گەشتیاران.
جەختیش لەسەر پێویستیی گرنگیدان بە بەرهەم و کاری دەستیی هونەرمەندان و شێوەکارانی ناوخۆیی کراوەتەوە و سەرۆکی دەستە وتویەتی “پێویستە مۆرکی کوردستانی لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکاندا رەنگبداتەوە و ئەم شوێنانە بە تابلۆ و کاری دەستیی هونەرمەندان و دەستڕەنگینانی کوردستان بڕازێندرێنەوە.”