"کێشەی دروست کردووە"

ئەو بریکارانەی غاز بە لۆری دەگوازنەوە دەبێت بیکەن بە دوو تۆنی

رێباز خدر – هەولێر

لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بەشێک لە بریکارەکانی غاز کە ژمارەیان 29 بریکاربوو گردبوونەوە، داوا دەکەن کە ژمارەی بوتڵی غازیان لێ کەم نەکەنەوە و وەک خۆی بمێنێتەوە.

کەمبوونەوەی غازی ئەو بریکارانە بەهۆی ئەوەیە، سەرجەمیان لۆری بۆ گواستنەوەی غاز بەکاردەهێنن لە بری دوو تۆنی.

عەبدوڵا حەمید، بریکارێکی غازە لە هەولێر بۆ  964 قسەی کرد و دەڵێت، ئێمە خاوەنی ئۆتۆمبێلی گەورەین، کە 105 بوتڵی غاز لەخۆ دەگرێت بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان ئاگادارکراینەوە کە ئۆتۆمبێلەکان بگۆڕین و بیکەین بە ئۆتۆمبێلی بچووکتر.

بە قسەی ئەو ئەوەش وا دەکات ژمارەی بوتڵی غاز کەم ببێتەوە بۆ 70 بوتڵ و کاریگەری دەبێت لەسەر کارەکەیان و داهاتیان کەم دەبێتەوە .

سالار محەمەد، بەرێوەبەری بەدواداچوون و پشکنینی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە  964 ی وت، ژمارەی کۆی بریکارەکانی غاز لە هەولێر 450 بریکارە، کە هەموویان بە ئۆتۆمبێلی کیای بچووک غاز دابەش دەکەن، تەنیا ئەو  29 بریکارە ماون کە ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن و بیکەن بە ئۆتۆمبێلی بچووک.

بە قسەی سالار محەمەد، ئۆتۆمبێلی گەورە بۆ ناو کۆڵانەکان زەحمەتە و دەبێتە هۆی کێشە و چەند جاریش روداوی نەخوازراوی لێ کەوتووەتەوە، دەشڵێت لە داهاتوویەکی نزیک دا، هاوشێوەی پارێزگای سلێمانی، لە پارێزگای هەولێریش دابەش کردنی غاز بە کۆبۆن نامێنێت و تەواو ئاسایی دەبێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا