بەبۆنەی رۆژی منداڵانەوە

 گەنجێکی هەولێر 120 دار زەیتوون لە گەڕەکەکەی دەچێنێت

کاردۆست حوسێن – هەولێر

لە هەنگاوێکدا بۆ خزمەتکردنی ژینگە و جوانکردنی سیمای شارەکەی، گەنجێکی شاری هەولێر بەبۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵانەوە، سەدان نەمامی لە گەڕەکەکەی خۆیدا چاند.

رێبەند خالید، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی (قەڵای نوێ)ـیە لە شاری هەولێر. لەلایەن دانیشتووانی گەڕەکەکەیەوە وەک کەسێکی خەمخۆر و ژینگەدۆست دەناسرێت، چونکە بەردەوام هەوڵ دەدات سیمایەکی جوان و سەوزاییەکی زیاتر بە ناوچەکەی ببەخشێت.

لەبارەى ئەو کارەیەوە رێبەند بە 964ـى وت،” بەبۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵانەوە، 120 دار زەیتوونیان لە پارچە زەوییەکی بەتاڵی گەڕەکەکەیاندا چاندووە”.

چالاکییەکانی ئەم گەنجە تەنیا لە بواری سەوزاییدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو بەپێی وتەی خۆی، بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و بە هاوکاریی کەسانی خێرخواز، هەستاوە بە نۆژەنکردنەوەی گەراجی مزگەوتی گەڕەکەکەیان.

رێبەند داوا لە سەرجەم گەنجان دەکات کە وڵاتەکەیان خۆشبوێت و دەست بدەنە چاندنی دار و سەوزکردنی ژینگە.

بۆ داهاتووش، ئەو گەنجە ئامانجییەتی لە هەموو بوارەکاندا خزمەتی زیاتری گەڕەکەکەی بکات و یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانیشی، دروستکردنی پارکێکی گەورەیە بۆ دانیشتووانی گەڕەکی قەڵای نوێ.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح