لەسەر سکاڵاى هاوڵاتیان
بەهۆی تەشهیر و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەشیاو؛ “هاککەرێک” لە رواندز دەستگیرکرا
وریا فەتاح
دوای چەند ساڵێک لە هەراسانکردنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی بابەتی نەشیاو، ئاسایشی سۆران کەسێکی لە قەزای رواندز دەستگیرکرد کە دەستی بەسەر ئەکاونتی هاوڵاتیاندا دەگرت و تەشهیری پێدەکردن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران (بەشی ئاسایشی رواندز) ئەمڕۆ 29.6.2026 لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ماوەی چەند ساڵێکە چەند ئەکاونتێک لە (فەیسبووک، ئینستاگرام و تیکتۆک) بە ناو و ناونیشانی دیاریکراو لە سنووری رواندز، بەشێوەیەکی بەربڵاو وێنە و ڤیدیۆ و نووسینی نەشیاویان بڵاودەکردەوە.
ئاسایش دەڵێت، لەسەر بنەمای سکاڵای چەند هاوڵاتییەک و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی رواندز، بەدواداچوونیان بۆ ئەو ئەکاونتانە کردووە، سەرەنجام لە رێکەوتی 22.6.2026 توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناوی (ع. ح. خ) دەستگیر بکەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکە دوای لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، کە بریتی بووە لە “دەستبەسەرداگرتن و بەکارهێنانی ئەکاونتی هاوڵاتیان بە ئارەزووی خۆی”، لە ئێستاشدا رێکاری یاسایی بەرامبەری گیراوەتەبەر.
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەدا، ئاسایشی سۆران هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان کە پاسۆرد و ئەکاونتەکانیان بپارێزن، و بە هیچ شێوەیەک کلیک لەسەر لینک و بەستەری نەناسراو نەکەن تا بەتەواوی لە سەلامەتییەکەی دڵنیا نەبن.