CPT : پێشتر ماڵەکانیشی تاڵانکردوون

سوپای تورکیا بە شەش مەرجی “قوڕس” رێگە بە دانیشتوانی نۆ گوندی زاخۆ دەدات بگەڕێنەوە

فەرهاد حەسەن

رێکخراوی CPT ئەمریکی دەڵێت، سوپای تورکیا سەرەڕای تێکدان و تاڵانکردنی ماڵەکانیان، شەش مەرجیشی بە دانیشتوانی نۆ گوندی ئیدارەی زاخۆ داوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان.

تیمی کوردستانی رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا باس لەوەدەکات، ماوەی نزیکەی مانگێکە، دانیشتووانی 21 گوند لە ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە بۆ ئەو گوندانەی کە زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە ناچار بوون چۆڵی بکەن، کەچی  لە26.6.2026 دا، دوای فشاری زۆری گوندنشینەکان، سوپای تورکیا رێگەی بە دانیشتووانی گوندەکانی بازەنگیرە، گوندۆک، گەورک، کرکرانک، پاترۆما، کالۆک، مارسا، ئالانش و ئێرێی) لە دۆڵی پساغا داوە بگەڕێنەوە، بەڵام بە شەش مەرجی قوڕس.

لەو مەرجانەی رێکخراوەکە باسی کردووە، پێویستە گوندنشینان تەنیا لە نێوان کاتژمێر 6:00ی بەیانی بۆ 7:00ی ئێوارە بۆیان هەیە لە گوندەکانیان بن، دوای کاتژمێر 7:00ی ئێوارە کەس بۆی نییە لە گوند بمێنێتەوە.

هیچ گوندنشینێک بۆی نییە چەک یاخود ئامێری تیژ هەڵبگرێت، تەنانەت تفەنگی راویش، گوندنشینانیش تەنیا بۆیان هەیە خواردنی پێویست بۆ یەک رۆژ لەگەڵ خۆیان ببەن و رێگە نادرێت ئازووقە بۆ زیاتر لە رۆژێک لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن. چوارەی مەرج ئەوەیە کە لە کاتی تێپەڕبوون لە بازگەکانی تورکیا، ناسنامەی هەموو سەرنشینەکان وەردەگیرێت و ناو و ناونیشان و زانیارییە کەسییەکانیان تۆمار دەکرێت.

شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەرپرسیارە لە گەڕانەوەی هەموو سەرنشینەکان لە کاتی ئێوارەدا. ئەگەر تەنانەت یەک سەرنشینیش نەگەڕێتەوە، شۆفێرەکە لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت.

شەشەمین مەرجیش، سەربازانی تورکیا وردبینی لە تۆماری گوندنشینان دەکەن لە بنکە دراوە دیجیتاڵییەکانی دەزگا ئەمنییەکانیاندا، ئەگەر گومانی ئەوە لە هەر کەسێک بکرێت کە لە رابردوودا هاوکاری گەریلای کردووە، دەستگیر دەکرێت.

رێکخراوی CPT ئەمریکی دەڵێت، ئەو ڤیدیۆیەی بلاویکردووەتەوە شوێنەواری شەڕ لە ناو ماڵی گوندنشینانی گوندی (مارسا) نیشان دەدات، دەردەکەوێت سوپای تورکیا بەشێک لە خانوەکانی بۆردومان کردووە و دوای داگیرکردنی گوندەکە، سەربازانی تورکیا کەلوپەلی ناوماڵ و ئامێرە کارەباییەکانی دانیشتووانیان تاڵان کردووە.