پێوقەدەمیان بەخێر بێت

لەبەردەم گەورەترین بانکی جیهانەوە؛ 964 لە نیویۆرک پرسی دۆلار و چارەنووسی مووچەی عێراق دەگوازێتەوە

ژوورى هەواڵ

تۆڕی 964 لە بەردەم بینای بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکایە، ئەو شوێنەى کە چارەنووسی دۆلار و بگرە مووچەی عێراقیشی تێدا یەکلایی دەکرێتەوە. توانا نەقی، نێردراومان دەڵێت: بەڵکو ئیتر پێوقەدەممان بەخێربێت و موچەش دوانەکەوێت.
ئەم بانکە کە بە گەورەترین بانکی جیهان هەژمار دەکرێت، تەنیا سەنتەری بڕیاردان نییە لەسەر بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەڵکو خاڵی دەستپێک و کۆتایی ئابووریی عێراقیشە. سەرجەم داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق راستەوخۆ دەچێتە ناو هەژمارەکانی ئەم بانکەوە لە نیویۆرک، دواتریش لەوێوە بە شێوەی کاش (دۆلار) دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا، تاوەکو حکومەت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابەش بکات.
وەک ئەوەى توانا نەقى باسى دەکات، لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییە داراییەکانی نێوان ئەم بانکە و عێراق بە چەندین ئاستەنگدا تێپەڕیوە. بەهۆی گومانەکانی ئەمریکا لە بوونی پرۆسەی “سپیکردنەوەی پارە” لە عێراق و دزەکردنی دۆلاری کاش بۆ ئێران، زۆرجار واشنتن پێدانی دۆلاری بە بەغدا دواخستووە یان مەرجی قورسی خستووەتە سەر، ئەمەش چەندین جار کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی دراو و دواکەوتنی مووچە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.
هەر لەبەردەم بانکەکە توانا وتی: “هیوادارین پێ و قەدەمی ئێمە لێرە بەخێر بێت و لەمەودوا هیچ کێشەیەک بۆ پارە و مووچەی مووچەخۆران دروست نەبێت.”