"بۆ پاراستنی ئەمنییەتە"

ئەرشەد ساڵحی داوا لە زه‌یدی دەکات هێزە فیدڕاڵییەکان لە كەركوك و دوزخورماتو بهێڵێته‌وه

فەرهاد حەسەن

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات هێزە فیدڕاڵییەکان لە قەزای دوزخورماتو و پارێزگای کەرکوک بهێڵێتەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بەسەر تەواوی سنورە کارگێڕییەکاندا بەردەوامبێت.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق له‌ په‌یامێكدا کە لە فەیسبووکەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەدەکات، بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەن لە بارەی گۆڕانکاریی چاوەڕوان كراو لە دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانی کەرکوک و سەلاحەدین بڵاودەکرێنەوە، جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی دەکاتەوە کە بەهۆی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانمانەوە بەدەستهاتووە.

داوای لە عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ده‌كات هێزە فیدراڵییەکان لە قەزای دوزخورماتو و پارێزگای کەرکوک بهێڵێتەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بەسەر تەواوی سنورە کارگێڕییەکاندا بەردەوامبێت، بە شێوازێک کە پاراستنی سەرجەم هاوڵاتیان و بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا مسۆگەر بکات.

دەڵێت “متمانەمان بە دانایی سەرکردایەتی عێراق و پەرۆشیی بۆ نەگرتنەبەری هیچ هەنگاوێک هەیە کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاڵۆزی بۆ ئەم ناوچانە و جەخت دەکەینەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی کەرکوک و دوزخورماتو دەبێت وەک ئەولەوییەتێکی نیشتمانی بمێننەوە”.

له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هەریەک لە کەرکوک و دوزخورماتوو، دوای ئه‌وه‌ی  هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ كشانه‌وه، كه‌وتنه‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق،‌ له‌ ئێستاشدا لایەنە تورکمانییەکان داوایان لە فەرماندەی گشتی کردووە کۆنتڕۆڵی بەغدا لەو ناوچانە بپارێزرێت.