چەک و بەڵگەنامە و مۆری ساختەشیان لێگیراوە
باندی ترسناکی ساختەکردنی زەوی لە شارەوانی ناسریە ئاشکرا کران
فەرهاد حەسەن
لە شارەوانی شاری ناسریە، باندی ساختەکردنی زەوی ئاشکرا بوو، کە لە فەرمانبەرانی شارەوانی پێکهاتبوون بە مۆر و بەڵگەنامەی ساختە دەستگیرکران.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویکردەوە، کە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقار رایگەیاندووە، ژمارەیەک فەرمانبەری شارەوانی ناسریە و چەندین دەڵاڵیان دەستگیرکردوون، کە خەریکی ساختەکردنی بەڵگەنامەکانی زەوی بوون.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەست بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی نایاساییدا گیراوە کە لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە بەکارهێنراون، لەوانە: مۆری جۆراوجۆری ساختە، نووسراوی فەرمی و کۆنووسی ساختە بۆ دابەشکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون، وەکالەتنامە و بەڵگەنامەی ساختە و چەک و ئامێری پەیوەندیکردن کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا پێیان بووە.
ئۆپەراسیۆنەکە، لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی و ئەندامێکی داواکاری گشتی زیقار ئەنجامدرا و پرۆسەی دەستگیرکردنەکانیش لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی لە زیقار و بە هاوکاریی و پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری پارێزگاکە جێبەجێکراوە.
ئەنجومەنی دادوەری دەڵێت، لەلایەن دادوەری تایبەتمەندەوە هەموو رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان گیراوەتە بەر و وتەی دادوەرییان لێ وەرگیراوە، لە ئێستاشدا ئامادەکاری دەکرێت تاوەکو رەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.