چەکدارانی حەشدی شەعبی بەدوای پاشماوەی تەقەمەنی چەکدارانی داعش دەگەڕێن - وێنە: 964
عەلی زەیدی سوپاسیان دەکات
لە دوو رۆژی داهاتوو چەکی چەند گروپێکی چەکدار رادەست دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
عەلی زەیدی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی راگەیاند، بۆ کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، ئەم بڕیارە لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق و کەتائیب ئیمام عەلی هات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3.6.2026، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ کەسە یەکەمەکانی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق و کەتائیب ئیمام عەلی لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوویەوە.
وەک نوسینگەی زەیدی باسی دەکات، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی بەرپرسیارانەی قەیس خەزعەلی و شبل زەیدی لە بەهێزکردنی رەوتی بونیادنانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و پشتیوانیکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ قەتیسکردنی چەک بەتەنیا بەدەست دەوڵەتەوە دەربڕیوە.
زەیدی ئاماژەی بەوەداوە، عێراق لەئەمڕۆدا گۆڕانکارییەکی گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت لە سایەی سەقامگیرییە ئەمنییەکە و قۆناغی ئێستا قۆناغی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەیە و پێویستی بە یەکخستنی هەوڵی هەموو عێراقییەکان هەیە.
لە دیدارەکەدا بڕیاردراوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دانانی میکانیزمی گونجاو بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی ئەو هێزانە بە حەشدی شەعبییەوە و کۆکردنەوەی چەک لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، بە شێوەیەک یەکبگرێتەوە لەگەڵ دەستوور و یاساکانی عێراقدا.