ئەم بەرەبەیانییە روویدا

چوار کەس لە تەقینەوەکانی دەورووبەری عەیس بریندار بوون

ئەحمەد مستەفا

ئاژانسی عەرەبی سوریا “سانا”، روودانی ژمارەیەک تەقینەوەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە ناوچەی هەدبە لە رۆژئاوای گوندی عەیس، لە دەورووبەری حەلەب بڵاوکردەوە و دەڵێ، لانیکەم 4 کەس بریندار بوون.

ئەوەی لەم سەرەتایەدا روونە باس لەوە دەکرێ کۆگای چەکە و تەقینەوە تێیدا روویداوە، بەڵام بە دیاریکراوی هۆکارەکەی نەخراوتەڕوو.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، یەکێک لە تەقینەوەکان لە یەکێک لە ناوچە ئەمنییەکانی سوپای عەرەبی سوری روویداوە و دەزگاکانی پەیوەندیدار خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەقینەوەکان.

تیمی بەرگری مەدەنی، بەهۆی بەردەوامبوونی تەقینەوەکانەوە پاش هێوربوونەوەی دۆخەکە گەیشتوونەتە ناوچەکە و توانیویانە 4 بریندار دەربهێنێت، هەروەها پرۆسەی بەتاڵکردنەوەی خانووە نزیکەکان بەردەوامە و رێگاکانی بەرەو ناوچەکە داخراون.

لە لایەکی دیکە، دەزگای ئەمنی ناوخۆی حەلەب رێگای حەلەب – دیمەشق و چەند رێگایەکی دیکەی ناوچەکەی داخستووە، پارێزگاری حەلەبیش داوای لە دانیشتووان کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لە شوێنی تەقینەوەکان کۆنەبنەوە.