ئێوەش کە چوونە سەیران ئاگرەکەتان هەروا جێمەهێڵن
بەرگری شارستانی و جوتیاران مشووری ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵودان دەخۆن
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
وەرزی گەرما و هاوین نزیكبووەتەوە و بەرگری شارستانی و جوتیاران خەمی ئاگرکەوتنەوەیانە، بۆیە لە دەوری یەک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی هەر لە ئێستاوە مشووری ئاگرتێبەربوون لە دەغڵودانی ئەمساڵ بخۆن.
ئەمرۆ سێشەممە 19.5.2026 هۆبەی مەشق و خولەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر چوونەتە ناحیەی شەمامک بۆ ئەوەی رێنمایی بدەنە جوتیاران و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە لەبارەی چۆنیەتی رێگری کردن لە سەرهەڵدانی ئاگر لە وەرزی هاویندا.
شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “لەهەموو ئەو شوێنانەی بنكەی بەرگری شارستانی لێ نییە تیمی جێگیر دانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە نزیك كێڵگە كشتوكاڵییەكان بوتڵی كوژانەوەی ئاگر دادەنێین”.
ئیسماعیل حاجی ئیبراهیم کە جوتیارێکی بەئەزموونی دەڤەرەکەیە، دەڵێت، “هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ئاگربڕیشمان دروست کردووە، با هاوڵاتیانیش کە دەچنە گەشت و سەیران، لەکاتی ئاگرکردنەوەدا وریا بن و دوای خۆشیان ئاگر لە زبڵ و پاشماوەکانیان بەرنەدەن و بەو شێوەیە جێینەهێڵن”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری