سبەی "زەیدی" دەچێتە تورکیا

دۆسیەی ئاو و “رێگەی گەشەپێدان” لە پێشینەی گفتوگۆکاندایە

فەرهاد حەسەن

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە سبەی سێشەممە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومی دەچێتە تورکیا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی ستراتیژی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەت، وتی ئەم سەردانەی زەیدی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیایە و شاندەکەی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا کۆدەبنەوە.

بە قسەی عەبودی، سەردانەکە کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، ئەمنی و سەربازی و دۆسیەی ئاویش بایەخێکی تایبەتی پێدەدرێت و گفتوگۆ لەسەر    لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو دەکرێت کە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراوە.

باسی لەوەشکردووە، کە تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی “رێگەی گەشەپێدان” و بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات لە کەرتی وزە و گواستنەوەدا.

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە قەیرانەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنە هەرێمییەکان دەکرێت کە جێی بایەخی هەردوولان، بە ئامانجی هەماهەنگی زیاتر بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.