پڕۆژەى چەند گەنجێکە
نەخشەى شارەکەت لەسەر جزدانى گیرفانت دەنەخشێنن
ئەحمەد شەمزین
زۆرن ئەوانەى بیرى داهێنانیان بەرزە، بەڵام بیرۆکەى گەنجێک بۆ دروستکردنى جزدان و جانتا جیاوازە، چونکە نەخشەى شارەکەت لەسەر جزدانەکەت دەنەخشێنن.
شکۆ نەوزاد کە خاوەن بیرۆکەى ئەو کارەیە و ئێستا براندێکى تایبەت بەخۆیان داناوە و سێ کەسى تر هاوکارى دەکەن، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”لە پێستى مانگا جزدان و جانتا لە پێستى مانگا دروست دەکەین و لەسەر جزدانەکە نەخشەى هەردوو شارى هەولێر و سلێمانى دەنەخشێنین و لە داهاتوودا شارەکانى تریش دەگرێتەوە”.
ئەوان کە بە بیرۆکەیەک دەستیان بە ئیشەکە کردووە، ئێستا براندێکن و رۆژانە 40 جزدان دروست دەکەن و نرخى هەر یەکێکیشیان لە نێوان 36 تا 40 هەزار دینارە.
ئەو گەنجانە لە فێستیڤاڵى بازاڕى هاوینە کە لە شارى هەولێر بەڕێوە دەچێت، بەشداریان کردووە و کارەکانیان بووەتە جێگاى سەرنجى میوانان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح