تەئیدى موختارتان بیر نەچێت

نوسینگەى زانیارى سلێمانى رێکارەکانى گۆڕینى شوێنى نیشتەجێبوونى راگەیاند

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەی زانیاریی سلێمانی، ئاگادارییەکی بۆ ئەو هاووڵاتیانە بڵاوکردەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگۆڕن و سەرجەم ئەو پێداویستی و بەڵگەنامانەی خستەڕوو کە بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان پێویستن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو کەسانەی ماڵەکانیان دەگوازنەوە، پێویستە ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوەیان پێبێت:

پشتگیریی شوێنی نیشتەجێبوون (تەئیدی موختار) بۆ گەڕەکە نوێیەکە کە پێویستە پشتگیرییەکە نوێ و رەسەن بێت (کۆپی نەبێت)، مۆر و واژۆی موختاری لەسەر بێت و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی زانیاری کرابێت.
سەردانکردنی نووسینگەی زانیاریی گەڕەکە نوێیەکە.
هێنانی بەڵگەنامەکانی وەک (تەسکەرە و جنسێ) یان کارتی نیشتمانیی سەرۆک خێزان و سەرجەم ئەندامانی خێزان.
هێنانی 3 وێنەی رەنگاوڕەنگی نوێ.
نووسینگەی زانیاریی سلێمانی روونیکردووەتەوە، هەر هاووڵاتییەک کارتی زانیارییەکەی ون کردبێت، پێویستە نووسراو لە بەشی پۆلیسی ونبووەکانەوە بهێنێت.

لە کۆتاییشدا بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیان و دەڵێت: “تکایە بەبێ کارتی بانکی سەردانی هیچ یەکێک لە نووسینگەکانمان مەکەن، چونکە مامەڵەکانتان بۆ ڕایی ناکرێت و بە هیچ جۆرێک کار بە پارەدانی کاش ناکرێت.”