سێجار داوای بەخشینی لە پۆستەکەی کردووە
بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای سەیدسادق دەستی لەکارکێشایەوە
فەرهاد حەسەن
سۆران محەمەد مەحمود دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق پەسەند کرا، دوای ئەوەی پشتر سێ جار داوای باخشینی لەو پۆستەی کردبوو.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدسادق لە فەیسبووکەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 27.7.2026 سەردانی مامۆستا نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی کردووە و لەسەر خواست و ویستی خۆی بۆ سێیەمجار داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردووە.
دواجار بەڕێوەبەری گشتی داواکارییەکەی قبوڵ کردووە، لەسەری نووسیوە “بەسووپاسەوە کە بۆ سێیەم جارە داوای بەخشین لە پۆستەکەی دەکات لەسەر داوای خۆی پەسەند کراوە”.
سۆران محەمەد دەڵێت “لە تەواوی ماوەی بەرپرسیاریەتیمدا سەرەڕای ئاستەنگ و قەیرانەکان، بەوپەڕی راستگۆیی و دڵسۆزییەوە هەموو توانای خۆمم خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە پەروەردە بکەم، ئەگەر هەرکەموکورتییەک روویدابێت داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی قەزای سەیدسادق دەکەم”.