274 گەشت و زیاتر لە 62 هەزار گەشتیار
“چلەی ماتەمینی” گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەی نەجەف بەرەو هەڵکشان بردووە
فەرهاد حەسەن
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفی ئەشرەف رایگەیاند، خشتەی گەشتە ئاسمانییەکانیان لە ئەمڕۆوە دەستی بە هەڵکشان کردووە هۆکارەکەش سەردانیکارانی “چلەی ماتەمینی”یە بۆ شارەکە و گەشتی ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانیش لە رێگەی فڕۆکەخانەکەوە دەستیانپێکردووە.
عەممار توفەیلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە 274 گەشت و زیاتر لە 62 هەزار گەشتیار تۆمار کراون.
وتیشی “فڕۆکەخانە تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی بۆ پێشوازیکردن لەو سەردانیکەرانە راگەیاند کە روو لە پارێزگاکە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە سەردانی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت)، هاوکات لەگەڵ زیابوونی گەشتە ئاسمانییەکان و دەستپێکردنەوەی ژمارەیەک لەو گەشتانەی بەهۆی ڕووداوەکانی دوایی ناوچەکەوە وەستابوون”.
باسی لەوەشکردووە کە سەرجەم هێڵە جیاوازەکان دەستیان بە ئامادەکاری پێشوەختە کردووە بۆ پێشوازیکردن لە سەردانیکەرانی سەردانی چلەی ماتەمینی، و لە زیاتر لە مانگێکیشەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگا و کۆمپانیا و هەماهەنگی لەگەڵ مەزارگە پیرۆزەکاندا کراوە، بۆ دەستەبەركردنی ئامادەییی تەواو بۆ پێشوازیکردن لە سەردانە ملیۆنییەکە.
دەشڵێت “ژمارەی گەشتە هاتوو و رۆیشتووەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەیشتووەتە 274 گەشت، لە کاتێکدا ژمارەی گەشتیارانی هاتوو گەیشتووەتە 35 هەزار و 121 گەشتیار، و ژمارەی گەشتیارانی رۆیشتووش گەیشتووەتە 27 هەزار و 185 گەشتیار”.