"کوردی زمانێکی خۆش و ئاسانە"

دووانەیەکی عەرەب لە هەولێرەوە دەبنە یەکێک لە 10 یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێم

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

دوو برای دووانەی عەرەب کە نیشتەجێی شاری هەولێرن، لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی قۆناغی 12ی ئامادەیی، سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکەن و ناویان دەچێتە ریزی دەیە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەم دوو برایە توانیویانە پلەکانی پێنجەم و هەشتەم لەسەر ئاستی هەرێم بەدەستبهێنن.

سەرەڕای ئەوەی زمانی کوردی زمانی دایکیان نییە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەبەردەم خەونەکانیاندا، هەردووکیان نمرەی زۆر بەرزیان لە وانەی کوردیدا هێناوە؛ بە جۆرێک یەکێکیان نمرەی 98 و براکەی تریشیان نمرەی 96ی لەم وانەیەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی لێهاتوویی مامۆستاکانیان و ئاسانی و خۆشیی زمانی کوردی بووە.

هەردوو برا دووانەکە لەگەڵ دەربڕینی دڵخۆشیی خۆیان بۆ ئەم ئەنجامە شایستەیە، سوپاسی پاڵپشتیی بەردەوامی دایک و باوکیان و مامۆستاکانی قوتابخانەکەیان دەکەن کە هاوکار و هاندەری سەرەکییان بوون لەم پرۆسەیەدا.

پێداچوونەوەی: پەری ساڵح