دەست بەسەر کەلوپەلەکانیشیاندا گیراوە
لە دەربەندیخان پێنج راوچی بە 9 سەگ و تانجییەوە دەستگیرکران
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بلاویکردەوە کە لە سنووری دەربەندیخان تیمەکانیان توانیویانە پێنج راوچی دەستگیر بکەن و چەندین کەلوپەلیشیان لێ دەستبەسەردا بگرن.
لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان ئەو پێنج راوچییە دەستگیرکراون و لەکاتی دەستگیرکردنیشیان دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێک و نۆ ئاژەڵی سەگ و تانجی لەگەڵ چەند کەرەستەیەکی وەک لایتی دەست، لایتی سەر، چەقۆ، بۆکس خەنجەر، کە بۆ مەبەستی راوکردن بەکاریان هێناوە.
پۆلیس باسی لەوە نەکردووە کە ئەو دەستگیرکراوانی راوی چییان کردووە، بەڵام دەڵێت لەناو مۆبایلی دەستگیرکراوەکاندا چەندین وێنە و ڤیدیۆی کاتی راوکردن تۆمارکراوە .
دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی، هەر پێنج دەستگیرکراوەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەندکراون و ئاژەڵەکانیش بەرەڵاکران .